کاتێک تاجاکستان هەوڵیدا هەنگاوەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهێز بکات، لەوانەش توندکردنی ئاسایشی سنوورەکان، هانای بۆ وڵاتێکی ڕووبەر بچووکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا کە خاوەنی ئەزموونە لە بوارەکەدا: کوەیت.
کۆنفرانسێکی مانگی تشرینی دووەمی 2024 بەناونیشانی “بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بنیاتنانی میکانیزمی چالاکی ئاسایشی سنوور” بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی ئاسیای ناوەڕاست، سەدان وەزیری حکومەت، سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕانی بابەتەکانی پەیوەندیدارەکانی بەرەو شاری کوەیت هێنا.
لایەنێکی گرنگی لوتکەکە بریتی بوو لە ڕاوێژی نێوان سیراجەدین موهرەدینی وەزیری دەرەوەی تاجاکستان، عەبدوڵڵا عەلی ئەل یەحیای وەزیری دەرەوەی کوەیت و بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری شاری کوەیت هێمای پەرەسەندنی پەیوەندییە ئاسایشی، ئابووری و کولتوورییەکانی نێوان گەلانی ئاسیای ناوەڕاست و هاوتاکانیان بوو لە کەنداوی عەرەبی. ئەم جۆرە هەماهەنگیانە سەقامگیری زیاتر بۆ هەموو لایەنەکان مسۆگەردەکات.
ئۆزبەکستان و ئیماڕات هاوبەشیی دوو قۆڵی خۆیان قووڵتر کردووەتەوە. لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025، بۆ ڕاگەیاندنی “سەردەمێکی نوێی هاوبەشیی ئابووری لە نێوان ئۆزبەکستان و ئیماڕات” شەڤکەت میرزیۆیێڤی سەرۆکی ئۆزبەکستان لەگەڵ خاوەن پایە سەرۆکی ئیماڕات شێخ محەمەد بن زاید ئەل نەهیان لە ئەبوزەبی کۆبووەوە.
مانگێک بەرلەوە، سەرۆک کۆمار میرزیۆیێڤ سەردانی خاوەن پایە شێخ تەمیم بن حەمەد ئەل سانی میری قەتەڕی کردبوو. هەردوو لایەن باسیان لە فراوانکردنی پڕۆژە ئابوورییەکان لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و ژێرخانی گەشتیاری، کشتوکاڵ، و چاودێری تەندروستی کرد. بە هەمان شێوە پابەندبوون بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بەشێک بوو لە کارنامەکە.

لە کاتێکدا ئۆزبەکستان لە دیپلۆماسی ناوچەییدا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت، بە هەمان شێوە وڵاتانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاستیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی بەهێزتر دەکەن.
لوتکەی تاجاکستان و کوەیت لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 بۆ بەرزکردنەوەی هاوبەشیی ئاسایشی نێوانیان، هەنگاوێکی مەزن بوو. سەرۆکی تاجاکستان ئێمۆماڵی ڕەحمۆن لە وتارەکەیدا لە دیدارەکە، لەگەڵ گرینگیدانێکی تایبەت بە پاراستنی سنوور جەختی لەسەر مەودا و کاریگەرییەکانی “پرۆسەی دوشانبێ لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پشتیوانیکردنی دارایی تیرۆر،” کردەوە.
”وڵاتەکەمان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوبەشەکانی، لە دروستکردنی میکانیزمێک کە یارمەتیی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەک، ماددەی هۆشبەر و پشتیوانیکردنی دارایی تیرۆر بدات، بەشداری دەکات. ئەمڕۆ، زۆر زیاتر لەڕابردوو، ڕوونە هیچ وڵاتێک ناتوانێت بە تەنیا لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاڵنگاری و هەڕەشانەدا سەرکەوتوو بێت،” سەرۆک ڕەحمۆن ڕایگەیاند.
”تاجاکستان لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە هاوچەرخەکانی وەک تیرۆر، توندڕەوی، ڕادیکالیزم، بازرگانیکردن بە ماددی هۆشبەر و سەهەڵدانی جۆرەکانی تری ئەو تاوانە ڕێکخراوانەی سنوورەکان دەبەزێنن، لە پێشەنگدایە. لەم ڕووەوە، ئێمە بە باشی لە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاگادارین.”
تاجاکستان و وڵاتانی تری ئاسیای ناوەڕاست بە پشتیوانیکردنی دەستپێشخەری تری ئاسایشی جیهانی، وەک لوتکەی هاوبەشی یەکێتیی وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی (OIC) مانگی لە تشرینی دووەمی 2024، پابەندبوونیان بە سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردەوە.

لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، نوێنەران ئاسۆی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵنگاری و هەڕەشەکانی بەردەم گەلانی ئیسلامییان تاوتوێ کرد. لە لوتکەکەدا، وەزیری دەرەوەی کازاخستان، موراد نورتلێو جەختی لەسەر گەشەسەندنی ڕۆڵی کازاخستان لە ئاسایشی ناوچەکەدا کردەوە، داوای بەشداریکردنی ڕێکخراوی هەماهەنگیی ئیسلامی (OIC) لە پێشخستنی ئاشتی و چارەسەرکردنی ململانێکاندا کرد.
وەزیری دەرەوەی کازاخستان نورتلیۆ ئەوەی وەبیر شاندەکان هێنایەوە کە سەربازانی کازاخستان لە ئەرکەکانی ئاشتیپارێزیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە جێناکۆکەکاندا لەوانەش بەرزاییەکانی جۆلان و لوبنان، قارەمانانە خزمەتیان کردووە.
بە هەمان شێوە یەکخستنی ئابووری لە نێوان وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی لە بەهێزکردنی سەقامگیریدا هەیە. وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو چالاکانە هەوڵ بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی ناوچەیی و دوولایەنە دەدەن.
بەشێک لە پەرەسەندنی هاوبەشیی نێوان تاجاکستان و کوەیت هەماهەنگیی کەرتی فڕۆکەوانی لەخۆدەگرێت. تاجاکستان هەوڵی مسۆگەرکردنی وەبەرهێنانی کوەیت دەدات لە هێڵی ئاسمانیی مەدەنیی هاوبەش و باسیان لە ئەگەری دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی هێڵی ئاسمانیی کوەیت لە نێوان دوشانبێ و شاری کوەیت کردووە.

کۆماری قڕغستان و بەحرەین لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان لە بواری گواستنەوە و لۆژیستی، گەشتیاری و هەناردەکردنی بەروبوومی قڕغستان بۆ بەحرەین ڕێککەوتن. دیدارێکی ڕاستەوخۆی تر، لە نێوان پایتەختەکانی مەنامە و بیشکێک، لە ژێر دانوستاندایە.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەرفراوانەکان بۆ ڕاکێشانی سەرنجی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کۆماری قڕغستان لە ناساندنی گەشتی بێ ڤیزە بۆ هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، هەنگاوی بەرچاوی ناوە.
بەگوێرەی ئەم سیاسەتە، سەردانیکەرانی ئەم وڵاتانە دەتوانن بۆ ماوەی شەش مانگ بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڤیزەی گەشتیاری هەبێت لە کۆماری قڕغستان بمێننەوە. ئەمە گەشتی کار و ئەکادیمی ناگرێتەوە.
شوێنی ستراتیژیی ئاسیای ناوەڕاست لەگەڵ ئامانجەکانی بەشداریکردنی جیهانیی قەتەڕ یەکدەگرێتەوە. دۆحە بە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکان، ئامانجی ئەوەیە شان بە شانی سعودیە و ئیماڕات لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا، بە دیاریکراوی لە بواری وزە، لۆژستی و کشتوکاڵدا هەنگاو بنێت، لە هەمان کاتدا بوونی خۆی لە ناوچەی فراوانی ئاسیای ناوەڕاستدا پەرەپێبدات.
کازاخستان و قەتەڕ پەیوەندییەکی بەهێزی تایبەتیان بنیات ناوە، وە قەتەڕ پلانی چەندین پڕۆژەی گەورەی بیناسازیی داناوە کە کارگەی بەڕێوەبردنی غاز و بۆرییەکانی لەخۆدەگرێت. کازاخستان بازاڕێک بۆ هەناردەکردنی گۆشتی حەڵاڵ بۆ قەتەڕ بەدی دەکات.
پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست بە بەراورد بە دراوسێکانی پاشەکشەی نەکردووە. شانشینییەکە لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستدا پەرەی بە چەندین پڕۆژە داوە، کە تیشک دەخەنە سەر هەماهەنگیی وزە، وەبەرهێنانی کشتوکاڵی و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمپانیای ACWA Power، کە کۆمپانیایەکی وزەی سعودییە، دابینکاریی دارایی بۆ پڕۆژەیەکی وزەی خۆر بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار لە ئۆزبەکستان ڕاگەیاند. هەمان کۆمپانیا پێشتر پابەند بوو بە دروستکردنی وێستگەی کارەبای با لە ئۆزبەکستان و کازاخستان. لە کاتێکدا سوود لە شارەزایی سعودیە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژەی وزەی گەورە وەردەگرن، ئەم جۆرە پڕۆژانە یارمەتی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست دەدەن تا سەرچاوەی وزەیان هەمەچەشن بکەن.
هەروەها قووڵبوونەوەی هەماهەنگیی ئابووریی نێوان هەردوو هەرێمەکە بۆ بواری دیجیتاڵی درێژدەبێتەوە، کە تێیدا ژێرخانی دیجیتاڵی باشتر و پڕۆژەی ئەلیکترۆنیی حکومی بەڵێنی باشترکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و کارایی حکومەت دەدەن.
داهاتووی پەیوەندییەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئومێدبەخش دەردەکەوێت، چونکە هەردوو ناوچە پەیوەندییەکانیان قووڵتر دەکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی سەقامگیریی ناوچەکە و گەشەسەندنی ئابووری و بنیاتنانی پردی کولتووری. بە هەمان شێوە هەماهەنگیی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پەیوەندییە جیهانییەکانی ئاسیای ناوەڕاست فراوانتر دەکات، وە سیاسەتی دەرەوەی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوبەشە نەریتییەکان هەمەچەشن دەکات.
