شانشینی هاشمیی ئەردەن ڕۆڵێکی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگێڕێت. وڵاتەکە لە هەوڵە بەرچاوەکانی بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی لە هەموو ئاستەکاندا، ئاسایشی، دیپلۆماسی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە.
لە مانگی ئازاری 2025، شانشینەکە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران بۆ سوریا، میوانداریی کۆبوونەوەیەکی بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێی سوریا کرد.
وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سەرۆک ئەرکان و بەڕێوەبەرانی هەواڵگری لە وڵاتانی سوریا، عێراق، لوبنان، تورکیا و ئەردەن بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد. بابەتەکانی گفتوگۆ بریتی بوون لە هەماهەنگیی کرداری لەسەر ئاڵنگاریی ئاسایشی ناوچەیی وەک بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بازرگانیکردن بە ماددی هۆشبەر و چەک.
وەزیری دەرەوەی ئەردەن، ئەیمەن سەفادی، داوای لە دەوڵەتانی دراوسێ کرد یەکێتی و سەقامگیری سوریا بپارێزن، ڕایگەیاند: “ئێمە ئیدانەی هەموو هەوڵ، گروپ و دەستێوەردانێکی دەرەکی دەکەین کە ئاسایش، سەروەری و ئارامی سوریای دەستە خوشکمان دەکەنە ئامانج”.
ناوبراو ئەوەشی ڕایگەیاند: “ئێمە لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی سەقامگیری سوریا، سەلامەتی گەلەکەی و پاراستنی یاسا و ئاشتی مەدەنی، لە پشت حکومەتی سوریادا دەوەستین”.
لە بۆنەیەکی تردا، سەفادی لە عەممان پێشوازی لە هاوتا لوبنانییەکەی، یوسف ڕەجی، کرد. بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەردەن، ئەوان ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی لوبنانیان تاوتوێکردووە.
لە میانی دانوستانەکاندا، هەردوو وەزیر پابەندبوونی وڵاتەکانیان بۆ قووڵکردنەوەی هەماهەنگیی دوولایەنە دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلە بۆ پاراستنی ئاگربەست لە باشووری لوبنان کردەوە.
سەفادی پشتیوانیی تەواوی ئەردەنی بۆ ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری لوبنان، بە هەمان شێوە هەوڵەکانی بۆ چالاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پێشخستنی ئاوەدانکردنەوە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە مانگی یەکی ساڵی 2024، دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، ڕەجی پێزانینی خۆی بۆ پشتگیرییەکانی ئەردەن بە سەرکردایەتی شا عەبدوڵڵای دووەمی کوڕی حوسێن، بەتایبەتی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی تەواوی ئاگربەستەکە دەربڕی.
لەگەڵ ئەوەشدا، سەفادی لە حەوتەمین کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزاری لە نێوان ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و ئەردەن کە لە مانگی ئازاری 2025 لە سعودیە بەڕێوەچوو، نوێنەرایەتی ئەردەنی کرد.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی کوەیت عەلی عەبدوڵڵا ئەل یەحیا ئەنجامدرا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو (GCC) تێدا ئامادە بوون.
”هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەییەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دروستکردنی ژینگە و داهاتوویەکی ناوچەیی کە بە ئاسایش، سەقامگیری، ئاشتی و پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە کەسانی دیکە و دەستوەرنەدان لە کاروبارەکانیان تایبەتمەند بێت، لە ئارادان،” سەفادی ڕایگەیاند.
سەرچاوەکان: زە جۆردەن تایمز، ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، almamlakatv.com
