فەرماندەی گروپی کەشتیگەلی هێرشبەری بەڕیتانیا (CSG)، عەقید ڕوکن جەیمس بلاکمۆر، سەرکردایەتی گروپێکی ئاڵۆز و فرەنەتەوەیی هێرشبەر دەکات بۆ مسۆگەرکردنی کاریگەرییەکی ستراتیژی لە ناوچەی زەریای هێمنی هیندستان. کەشتییە سەرەکییەکەی گروپە هێرشبەرییەکە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری HMS Prince of Wales، لە بەریتانیاوە جوڵەیکرد. گروپەکە لە هێزی پێکهێنەری فرەنەتەوەیی پێکهاتووە: کەشتییە سەروەرییەکانی بەریتانیا (HMS Dauntless ،HMS Richmond و RFA Tidespring) و هەروەها یەکە فرەنەتەوەییەکان، لەوانەش کەشتیی جەنگیی ئیسپانیی SPS Mendez Nunez، کەشتیی جەنگیی نەرویجیی HMNoS Roald Amundsen و کەشتیی جەنگیی کەنەدیی HMCS Ville De Quebec.
ئۆپەراسیۆنی هایماست (Highmast)، بە چالاکییەکانی CSG ناودەبرێت، هەنگاوە سەرەکییەکانی بەدیهێناوە. لە مانگی ئایاری 2025 ، گروپە هێرشبەرەکە مەشقی هێرشی دەریای ناوەڕاست (Med Strike) ـیان ئەنجامدا، چالاکییەکی ڕاهێنانیی زۆر ئاڵۆزی ناتۆیە کە 21 کەشتیی جەنگی، سێ ژێردەریایی، 41 فڕۆکەی جەنگی، 19 هێلیکۆپتەر، 10 فڕۆکەی چاودێری و زیاتر لە 8,000 کارمەند تیایدا بەشداربوون.
لە میانی ئەرکەکەیدا، گروپە هێرشبەرییەکە لە ڕێگای خۆیدا بۆ ناوچەی زەریای هێمنی هیندستان، دەریای سووری تێپەڕاند. CSGـی بەریتانیا لەگەڵ کەشتییە تێکشکێنەرەکانی ئەمریکا USS The Sullivans و USS Truxtun بۆ ئەم بەشەی جوڵەپێکردنە بەشدارییان لەگەڵدا کرا، وە CSG لەناو هەردوو فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا و هێزی دەریایی یەکخراو ئاوێتەکرد بۆ پشتیوانیکردنی پەیوەندیدار بە هێزی ئەرکی یەکخراوی 153، دابینکردنی ئاسایشی دەریای سوور لە ژێر فەرماندەیی میسڕدا.

کەشتییەکانی وڵاتانی تر، بە گشتی 13 کەشتی لە سەرانسەری ئۆپەراسیۆنی هایماست، لەگەڵیدا بەشدارییان کرد لەکاتێکدا CSG بەرنامەی مانۆڕکردنەکەی جێبەجێ دەکرد. ئەم وڵاتانە پێکدێن لە ئوسترالیا، ژاپۆن، نیوزلەندا و کۆماری کۆریا. بە هەمان شێوە بەشداربووانی هایماست لەگەڵ گەلانی دیکەدا ڕاهێنانیان کرد لەکاتێکدا گروپەکە بە ناوچە جیاوازەکاندا تێدەپەڕی.
ئۆپەراسیۆنی هایماست ئەوەی نیشاندا کە CSG بەڕاستی فرەنەتەوەییە. CSG هێزێکی کۆکەرەوەیە بۆ ئەوەی وڵاتانی تر بەشداری تێدا بکەن، ئەمەش کاریگەرییە ستراتیژییەکەی گەورەتر کرد. ئەمە پێناسەی دروستی هەماهەنگییە، کە تیایدا گروپی هێرشبەر دەتوانێت ئاوێتەی هەموو پێکهاتەیەکی فەرماندان بێت و هەموو ئەرکێک بەجێبهێنێت. ئەمە ناوازەیە.
ئەنجامدانی ئەمە ئاسان نییە، بە دیاریکراوی کاتێک دێتە سەر بابەتی فەرماندان و بەڕێوەبردن (C2). لە ڕاستیدا، پڕبوو لە ئاڵۆزی. فەرماندان و بەڕێوەبردن لەناو گروپێکی ئەرکیی سەربەخۆدا لە سەرانسەری سیستەمەکانی ئەرک، هەڵگرانی پەیوەندی و بەستەری تاکتیکی جۆراوجۆری زانیاری کارێکی تەواو سەختە. بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە لە سەرانسەری هێزێکی فرەنەتەوەییدا، لەناو پێکهاتەیەکی هەڕەمیی سەربازی جیاوازی ئەمریکادا، ئێجگار زۆر ئاڵۆزترە.
هەماهەنگی بریتییە لە توانای سیستەم، ڕێکخراو و نەتەوە جیاوازەکان بۆ کارکردن بەیەکەوە بەبێ کێشە و بەشێوەیەکی کارا. لە جیهانی ئەمڕۆدا، هاوبەشیی فرەنەتەوەیی و هەماهەنگیکردن بریتی نیین لە ئاسانکاری، بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژین. هاوبەشییەکان هێزەکە دەکەن بە چەند ئەوەندە، وە ئەگەر بمانەوێت زاڵبین بەسەر هەڕەشە گەشەکردووەکاندا، ئەوا بۆ کۆکردنەوەی هاوبەشییە جیاوازەکان لە هەر کاتێکدا و شوێنێکدا بۆ بەدەستهێنانی توانای شەڕکردنی فرە سەنگەر، پێویستمان بە پێکهاتەیەکی هەڕەمیی C2ـی گونجێنەر هەیە. لەناوخۆی CSGـی بەریتانیا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان، ئێمە تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی نوێ بۆ یارمەتیدان لە گەیشتن بەم ئاماجە بەکاردەهێنین. ژینگە نوێیەکانی هاوبەشپێکردنی زانیاری، کە لەسەر بنەمای ڕێبازێکی ناوەندیی زانیاری بۆ ئاسایش دامەزراوە وەک لە ڕێگەی تۆڕ و سیستەمی نەریتیی کۆکردنەوەی زانیاری، یارمەتیدەرن لە تێکدانی شێوازە کۆنەکانی کارکردن.

ئەم شێوازە نوێیەی کارکردن، بە دیاریکراوی لەسەر ئاستی نهێنی بڵاوکردنەوەدا، لە ئێستاوە خەریکە بەهای خۆی دەسەلمێنێت. ژینگەی هاوبەشپێکردنی زانیاری بوارمان پێدەدات کە فەزا دیجیتاڵییە جیاوازەکان چالاک بکەین بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئاستی گونجاوی هاوبەشپێکردن لە نێوان گەلاندا بدەین، لە سەرانسەری ئیمەیڵ، VOIP، چات و ڤیدیۆ کۆنفڕانسدا. تواناکە لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام بە درێژایی جوڵەکردنی ئۆپەراسیۆنی هایماست زیاد دەکات. بەم زووانە لەگەڵ سیستەمە ناوسراوەکانی CENTRIX هەماهەنگی دەکات، لەوانەش هێزە دەریاییە یەکخراوەکان و لەگەڵ هێزە دەریاییە هەماهەنگەکانی زەریای هێمن. ئەمەش بوار بە هاوبەشپێکردنی زانیاری دەدات لە دەرەوەی ئاستەکانی پێنج چاو “Five Eyes”ـی نەریتی و ناتۆ، ئەمەش ڕێگە بە هێزە فرەنەتەوەییە نانەریتییەکان دەدات بە ئاسانی یەکبگرن.
کاتێک ئەمە لەگەڵ پەیوەندیی مانگی دەستکردی خاوەن بەستەری توانابەرزی زانیاری یەکدەگرێت، ئەوا ئاسانتر دەبینیت کە دەکرێت بواری چالاککردنی C2 لە داهاتوودا چۆن بێت. ئەمەش دەتوانێت شێوازی کارکردنی C2 لە سەرانسەری هاوپەیمانییە خوازراوەکان بگۆڕێت لە هەر کات و شوێنێکدا کە پێویستبن.
لە جیهانێکدا کە تادێت زیاتر فرەپەیوەست دەکرێت، متمانەی گروپە هێرشبەرییە فرەنەتەوەییەکان ئێجگار گرنگە. دڵنیاییدان لە فەرماندان و بەڕێوەبردن بەم چەشنە بوارمان پێدەدات لە کاتی پێویستدا هێزی دەریایی لە ساتی قەیرانەکاندا کۆبکەینەوە.
میسڕ سەرکردایەتیی هێزی ئەرکی یەکخراوی 153 وەردەگرێت
هێزی دەریایی ئەمریکا
هێزی دەریایی میسڕ لە مەراسیمێکدا کە لە مانگی نیسانی 2025 لە بەحرەین بەڕێوەچوو، فەرماندەیی هێزی ئەرکی یەکخراو (CTF)ـی 153ـی هێزە دەریاییەکانی لە هێزی دەریایی شاهانەی ئوسترالیا وەرگرت.
عەقیدی هێزی دەریایی شاهانەی ئوسترالیا خۆرخی مەککی لە مەراسیمێکدا کە لەلایەن جێگری فەریقی هێزی دەریایی ئەمریکاوە سەرپەرشتی کرا، فەرماندەیی ڕادەستی فەرماندە محەمەد ڕەمزی لە هێزی دەریایی میسڕ کرد. جۆرج ویکۆف، فەرماندەی ئەوکاتی هێزە دەریاییە هاوبەشەکان.
ئەم هێزە ئەرکییە بەرپرسیارە لە ئاسایشی دەریایی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن. لە ژێر سەرکردایەتی مەککی، هێزە ئەرکییە کە لە 44 ئەفسەری 13 وڵات پێکهاتبوو، بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی دەریایی لە دەریای سوور و ڕۆژئاوای کەنداوی عەدەن لە نزیکەوە لەگەڵ هێزە ئەرکییەکانی تری هێزی دەریایی یەکخراو (CMF)، ناوەندی هاوبەشی زانیاریی دەریایی و هێزی ئەرکی 55 و 59ـی هێزی دەریایی ئەمریکا هەماهەنگی دەکرد.
فەرماندە ڕەمزی لە وتارەکەیدا سەرنجێکی لەبارەی داهاتووی ئاسایشی دەریایی لە ژێر ئەو هێزی ئەرکەدا کە سەرکردایەتی دەکات، خستەڕوو.

ئەفسەری پلە نزم ئاستی 2 نایۆمی جۆهانسۆن/هێزی دەریایی ئەمریکا
”گرنگیی دەریا بۆ هەموو گەلان وەک یەکە، بەبێ گوێدانە قەبارەی ئەو هێزە دەریاییەی کە هەیانە،” ناوبراو ڕایگەیاند. “تایبەتمەندییە فرەڕەهەندە نوێیەکانی ئاسایشی دەریایی پێویستیان بە ڕێبازێکی نوێی هەمەلایەنە و هەماهەنگی هەیە. پێویستە کلتووری هاوبەشپێکردنی زانیاری لەناو هەموو هاوبەشە دەریاییەکاندا وەکو بەردی بناغەی یەکخستنی هەوڵە پێکەوەییەکان لەگەڵ پیشەسازیی کەشتیوانی دەریایی پێشبخرێت.”
ویکۆف دەستخۆشی لە ڕەمزی کرد و تیشکی خستە سەر پابەندبوونی درێژخایەنی میسڕ بە CMF.
”هێزی دەریایی یەکخراو (CMF) خۆشحاڵە کە جارێکی تر لەژێر سەرکردایەتیی مەزنی میسڕی دەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانمان.” ویکۆف ڕایگەیاند. “کۆماری میسڕی عەرەبی پابەندبوونی قووڵ و جدیی بۆ ئەرکەکانی خۆی نیشانداوە، ئێمەش لە هێزە دەریاییە هاوبەشەکان زۆر سوپاسگوزارین بۆ بەردەوامیی سەرکردایەتیتان.”
CTF 153 لە مانگی نیسانی 2022 دامەزراوە و یەکێکە لە پێنج هێزە ئەرکییەکانی ژێر فەرماندەیی CMF. ئەرکەکەی بریتییە لە وەستاندن و ڕێگریکردن لە لایەنە نایاساییە نادەوڵەتییەکان لە دەریای سوور، باب ئەل مەندەب و کەنداوی عەدەن. ناوچەی بەرپرسیارێتی CTF 153 بەشێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیی جیهان لەخۆدەگرێت، کە دەریای ناوەڕاست بە زەریای هیندی و ناوچەی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
هێزە دەریاییە هاوبەشەکان، هاوبەشییەکی دەریایی 46 وڵاتییە و بارەگاکەی لە بەحرەینە، گەورەترین هاوبەشی دەریایی فرەنەتەوەیی لە جیهاندا. لەسەر بنەمای یاساکان لە دەریادا، CTF 153 پابەندە بە بەرزڕاگرتنی نەزمی نێودەوڵەتی، برەودان بە ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری نزیکەی 8.3 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان، لەنێویاندا ڕێڕەوە کەشتیوانییە هەرە گرنگەکان.
فەرماندەی ڕۆیشتووی ئوسترالیا مەککی سوپاسی ویکۆفی کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی هێزی دەریایی یەکخراو (CMF) و سوپاسی هەموو هێزەکانی ئەرکییەکانی هێزی دەریایی یەکخراو (CMF)ـی کرد، بە هەمان شێوە سوپاسی تیمەکانی ئەو فڕۆکە و کەشتیانەی کرد کە پاسەوانییان بۆ CTF 153 کرد.
”لە CTF 153ـدا، ڕۆڵی ئێمە بریتیی بووە لە دانانی ڕووناکییەک لەسەر نەبینراوەکان، دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە لە سێبەردا خۆیان حەشاردەدەن و تەنها بۆ یەک هۆکار ئەو تاریکییە دەقۆزنەوە، چونکە قازانج لەوە دەکەن.” مەککی ڕایگەیاند.
”لەم دواییانەدا ئێمە گەواهیدەری دەرئەنجامەکانی سێبەری گەورە بووین بەسەر دەریادا. لە بەرزبوونەوەی تێچووی کەشتیوانییەوە بگرە کە نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانەمان بەرزدەکاتەوە، تا دەگاتە ئەو ماددە هۆشبەرانەی کە بە قاچاخ بە زەریاکەدا دەهێنرێن و دەبرێنە ناو شارەکانمانەوە. نائارامی و نەبوونی ئاسایش لێرە لە دەریادا دەگات بە هەموو ماڵێک لە سەرانسەری جیهان.”
