ناوچە ئاوییەکانی دەوروبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا خاوەنداریی بەشێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی کەشتیوانی جیهان دەکەن. دەریای سوور، کەنداوی عەدەن، زەریای هیندی و کەنداوی عومان شوێنی لەنگەرگرتنی ئەو کەشتیانە دابیندەکەن کە ڕۆژانە نزیکەی 27 ملیۆن بەرمیل نەوت و سێ یەکی گازی سروشتیی شکلراوەی جیهان دەگوازنەوە.
هەمان ئەم ڕێڕەو ئاوییە گرنگانە ڕێڕەوی بەقاچاخبردن بۆ ڕێکخراوە تاوانکاری و تیرۆریستییەکان دابین دەکەن. فەرمانگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان لە ساڵی 2024ـدا “رێگای باشوور”ـی بە بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاویی دەوروبەری نیمچە دوورگەی عەرەب وەکو ڕێڕەوێکی سەرەکی بۆ قاچاخچیکردن بە ماددەی هۆشبەری ئۆپیۆید دەستنیشان کردووە.
هێزە دەریاییە یەکخراوەکان (CMF)، گەورەترین هاوپەیمانییەتی فرەنەتەوەیی دەریایی لە جیهاندا، لەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی لایەنە نایاساییە نادەوڵەتییەکان و برەودان بە ئاسایش، سەقامگیری، خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانیاندا پارێزگاری لە نەزمی نێودەوڵەتی دەکات. کەنەدا ئەندامی پێشەنگی ئەم هێزە گرنگە یەکلاکەرەیەوە بووە کە لە بەحرەین جێگیرکراوە.
لەناوخۆی CMFـدا، بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیکردن بە ماددەی هۆشبەر و کاڵا نایاساییەکانی تر دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزی ئەرکی یەکخراوی (CTF 150). هەتا 2024، ئەم هێزە دەریاییە فرەنەتەوەییە کەشتی و کارمەندانی ئوسترالیا، کەنەدا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، نیوزلەندا، پاکستان، سعودیە، ئیسپانیا، بەریتانیا و ئەمریکای لەخۆگرتبوو.

CMF، لە ڕێگەی شانەی یەکگرتنی نێودەزگایی ماددەی هۆشبەری ناوچەییەوە کە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندی هێزی دەریایی ئەمریکا و ئیدارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتی کرا، بە بەهای ملیارەها دۆلار لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوودا داهاتی بازرگانانی ماددەی هۆشبەریان وەستاندووە و لە ساڵی 2024ـدا بە بەهای 386 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراو ماددەی هۆشبەریان لەناوبردووە.
لە دوای پێکهاتنی CTF 150 لە ساڵی 2001، کەنەدا شەش جار سەرۆکایەتیکردنی وەرگرتووە، دوایین جار لە کانونی دوو هەتا تەمموزی 2024 بوو، ئەمەس دوای ڕادەستکردنەوەی لەلایەن هێزی دەریایی فەرەنساوە. هێزی ئەرکی سەرکردایەتیکراو لەلایەن کەنەداوە، کارمەندانی ئوسترالیا، بەحرەین و نیوزلەندای لەخۆگرتبوو.
لە ژێر ئەم فەرماندەییە هاوبەشە بە سەرۆکایەتی کەنەدا، CTF 150 نۆ چالاکیی قەدەغەکردنی سەرکەوتووی ئەنجامدا کە تێیدا لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 11,600 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت، کە 8.29 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە لە گەرووی هورمزەوە هەتاوەکو قۆچی ئەفریقا دەگرێتەوە.
هاوکات، CTF 150 چالاکیی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لە سەکۆکانی سیخوڕیکرد و چاودێریکردنی بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا. هەماهەنگیی فرەنەتەوەیی CTF 150 دەرفەتێک بۆ وڵاتانی خاوەن زمان، ئایین و کولتووری جیاواز دەڕەخسێنێت تا بەیەکەوە کار لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی دەریایی بکەن.
ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتووانەی کە لەلایەن CTF 150ـەوە ئەنجامدراون، کاریگەری تیمەکانی فەرماندەیی هاوبەش لە چاودێریکردنی سامانە فرەنەتەوەییەکان نیشان دەدەن. لە نیسانی 2024، CTF 150 ئۆپەراسۆنی Crimson Barracuda ( کرمسۆن باراکودا)ـی ئەنجامدا، هەڵمەتێکی بەرفراوان بوو لە بەرەنگاربوونەی ماددەی هۆشبەر کە بەشداربووەکانی لە هێزی دەریایی شاهانەی کەنەدا، هێزی دەریایی شاهانەی بەریتانیا، هێزی دەریایی هیندستان، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا و هێزی دەریایی ئەمریکا یەکخست. ئەوان دەستیان بەسەر زیاتر لە 4,900 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرت.

لەگەڵ هاوڕێیانی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی کەنەدا، فەرماندەی ئەوکاتەی CTF 150 عەقیدی هێزی دەریایی شاهانەی کەنەدا کۆڵین ماتیۆس بۆ بەهێزکردنی تواناکانی کەنەدا لە ئاوێتەبوون و نیشاندانی متمانەپێکراوییەکەی وەکو وڵاتێکی ئەندامی گرنگ لە نزیکەوە لەگەڵ ئەمریکای هاوپەیمان خزمەتیکرد. لە ژێر فەرماندەیی کەنەدا، CTF 150 دەستی بەسەر بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەری نایاساییدا گرتوو کە مەبەست لێیان دابینکردنی دارایی ڕێکخراوە تاوانکاری و تیرۆریستییەکان بوو.
دەستکەوتەکانی CTF 150 دڵنیای دەدەن لە تێکدانی کارگە تاوانکارییەکان و پاراستنی نمایشێکی بەهێزی هێز بۆ ڕێگریکردن لە ڕێکخراوەکان لە هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی یاسایی دەریایی.
لە کاتێکدا عەقیدی هێزی دەریایی ماتیۆس لە تەمموزی 2024 کۆتایی بە فەرماندەییەکەی هێنا، بۆ بە باشی بەرێوەبردنی ئەرکەکە پیرۆزبایی لێکرا. کەنەدا فەرماندەیی CTF 150 گواستەوە بۆ فەرماندە عاسم سوهەیل مالیک، ئەفسەری سەرۆک ئەرکانی فەرماندەی کەشتیگەلی پاکستان لە بارەگای سەرەکی کەشتیگەلەکە. ئەم ڕادەستکردنەوەیە گەڕی 13ـەهەمین بوو کە تێیدا پاکستان فەرماندەیی CTF 150 گرتە دەست.

ڕێڕەوی ئاویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا ڕێڕەوی گواستنەوە بۆ بەشێکی زۆری نەوت و گازی سروشتی جیهان دابین دەکەن. ناتوانرێت لە گرنگیی پاراستنی ئەم ڕێڕەوانەی کەشتیوانییانە کەم بکرێتەوە. ڕۆڵی CMF بریتییە لە پاراستنی ئەم سەرچاوە ئێجگار گرنگە، لەکاتێکدا بەرەنگاری تاوانبارەکان دەبنەوە لە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر و کاڵا نایاساییەکانی دیکە کە یارمەتی دارایی ڕێکخراوە توندڕەوە توندوتیژەکان دەدەن.
فەرماندەیی فرەنەتەوەیی دەرفەتی بۆ ئەندامانی هێزی دەریایی شاهانەی کەنەدا ڕەخساندووە لەکاتێکدا سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەکەن لە نزیکەوە لەگەڵ هاوپەیمانان کاربکەن. کەنەدا لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکان بۆ بەرزڕاگرتنی بەها هاوبەشەکانمان لە ئاسایشی ناوچەکە و پابەندبوون بە نەزمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاساکان بەردەوام دەبێت.