کارمەندانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئۆزبەکستان لە پێشبڕکێی ساڵانەی باشترین جەنگاوەردا خۆیان سەلماند، کە لەلایەن پاسەوانی نیشتمانی میسیسیپی لە ناوەندی مەشقی هێزە هاوبەشەکانی کەمپی شێلبی ڕێکخرا و جێبەجێکرا.
پێشبڕکێی باشترین جەنگاوەر پابەندییە سەربازییەکان، وەکو ڕاهێنانی جەستەیی، ڕێڕەوی بەربەست، جوڵەکردنی شەوانە، شارەزایی چەک، فریاگوزاریی سەرەتایی، پاراستنی چەکی ئەتۆمی، بایۆلۆژی و کیمیایی، وە بەڕێوەبردنی تەقەکردنی تۆپهاوێژ لەخۆدەگرێت. سەربازانی ئۆزبەکستان کێبەرکێیان لەگەڵ سەرباز و فڕۆکەوانانی پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی ئەنجامدا.
عەریفی پلە نزم ئەلیشۆخ عەبدوڵڵایڤ و عەریفی پلە سێ شۆکروخ ژۆڤکاشێڤ بە جیاواز لە یەکتر نوێنەرایەتی وڵاتەکەیان کرد، بەهۆی ئاستە بەرزەکانیانەوە لە کۆتایی پێشبڕکێکەدا خەڵاتێکی تایبەتییان بەدەستهێنا. هەریەک لە عەبدوڵڵایڤ و ژۆڤکاشێڤ ژمارەیەکی پێوانەییان لە پێشبڕکێکان تۆمارکرد.
ئەمە جاری یەکەم نییە کە سەربازانی ئۆزبەکستان لەم کێبڕکێیەدا ئاستی بەرزیان پێشکەش کردبێت. لە ساڵی 2019ـەوە سەربازانی ئۆزبەکستان بە شێوەیەکی بەردەوام بەشداری لە خەڵاتی باشترین جەنگاوەردا دەکەن، لەم ماوەیەدا بە شێوەیەکی ڕۆتینی خەڵاتی باشترین بەدەست دەهێنن.
هێزە چەکدارەکانی ئۆزبەکستان و پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی لە بەرنامەی هاوبەشیی ویلایەتیدا هاوبەشن، کە لەپێناو بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی پەیوەندی سەربازی بۆ سەربازی و مەدەنی بۆ سەربازی لە نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوبەش، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە ساڵی 1993 دەستیپێکرد.
سەربازانی ئۆزبەکستان بەشدارییان لە ‘هێرشی باشوور’ کرد، کە مانۆڕێکی نێودەوڵەتیی بەرفراوانە و ساڵانە لەلایەن میسیسیپیەوە میوانداری دەکرێت و تیایدا گرنگی بە کارکردنی پێکەوەیی کۆی گشتیی هێزەکان دەدات. بە هەمان شێوە ئۆزبەکستان بەشداری لە مەشقی وەڵامدانەوەی نیشتمانی کارەساتەکانی ‘پاسەوانی بەپەرۆش’ و ‘نیشتمانپەروەری باشوور’ کردووە.
سەرچاوەکان: Anhor.uz ،Podrobno.uz ،Kun.uz، دەنگی ئەمریکا، پاسەوانی نیشتمانیی میسیسیپی، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا
