ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم (KASOTC) لە ئەردەن باشترین ناوچەی ڕاهێنانی وڵاتەکەیە بۆ ئامادەکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ خواستەکانی ململانێی هاوچەرخ. لەگەڵ زیادبوونی چڕیی ئۆپراسیۆنە تیرۆریستییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان، پێکهێنانی هێزی چالاکتر و جوڵە خێرا بووەتە پێویستییەک بۆ وڵاتان. KASOTC یارمەتی پڕکردنەوەی ئەو ڕۆڵە پێکهێنەرە دەدات. یونیپاش لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەی، عەمید ڕوکن نایل ئەلشقیرات لە هێزە چەکدارەکانی ئەردەن گفتوگۆی لەبارەی KASOTCـەوە کرد.
یونیپاس: ناوەندی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی شا عەبدوڵڵای دووەم لە بنیاتنانی تواناکان و ئامادەکردنی تیمەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت. ئایا دەتوانیت باس لە مەنهەج و بەرنامەکانی ڕاهێنانی ناوەندەکە بکەیت؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: ناوەندەکە چەندین بەرنامەی ڕاهێنان و مەنهەج کە پێنج تەوەری سەرەکی دەگرێتەوە، جێبەجێ دەکات:
- تەوەری یەکەم: هێزە تایبەتەکان و دژەتیرۆر
- تەوەری دووەم: هێزی ئاسایشی ناوخۆ و پاراستنی کەسانی زۆر گرنگ (VIP)
- تەوەری سێیەم: ڕاهێنانی پزیشکی
- تەوەری چوارەم: سەرکردایەتی و بنیاتنانی تیم
- تەوەری پێنجەم: ڕاهێنانکردن بە ڕێکخراوە مرۆییەکان
- هەر تەوەرێک کۆمەڵێک خولی تایبەتمەند لە ئاستی جیاوازدا لەخۆدەگرێت: بنەڕەتی، مامناوەند و پێشکەوتوو.
جگە لەوەش، ناوەندەکە خولی ڕاهێنان بۆ جێبەجێکردنی پێداویستییە تایبەتە هاوبەشەکان کە پێی دەوترێت خولی ڕاهێنانی تایبەتمەند، دروست دەکات.
هەروەها ناوەندەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکان لەگەڵ هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە وڵاتانی برا و دۆست، کار لەسەر بەرزکردنەوەی پلان و بەرنامەکانی هێزی تایبەتی شاهانەی شا عەبدوڵڵای دووەم دەکات. هەروەها بە سودوەرگرتن لە ئاسانکاری و تواناکانی ناوەندەکە بە شێوەیەک کە یارمەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان ئەم هێزانە بدات تا باشتر ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان ببنەوە لە داهاتوودا، توانا گونجاوەکان بۆ یەکخستنی چەمکەکان لە نێوان ئەم هێزانەدا دابین دەکات.

یونیپاس: چەند خول لەلایەن KASOTCـەوە پێشکەش دەکرێت و چەند بەشداربوو لە وڵاتانی دۆست و براوە بەشداری دەکەن؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: لە نێوان ساڵانی 2009 هەتا 2024، ناوەندەکە ڕاهێنان و خزمەتگوزارییە پشتیوانییەکانی ڕاهێنانی پێشکەش بە 124,000 سەرباز لە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی
73 وڵات کردووە، جگە لە 17 ڕێکخراوی حکومی و ناحکومی.
یونیپاس: چۆن ناوەندەکە بەرنامەکانی ڕاهێنان و شارەزایی ڕاهێنەران گەشەپێدەدات؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: ناوەندەکە لەم ڕووەوە شێوازێکی کاری دیاریکراو جێبەجێ دەکات. بەرنامەکان بۆ دڵنیاییدان لەوەی کە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە نوێیەکان و هەڕەشە سەرهەڵداوەکان دەبنەوە، بە هەمان شێوە بۆ ئەوەی شانبەشانی نوێترین بەرنامەکانی ڕاهێنان لە ناوچەکانی تری جیهان هەنگاوبنێت، بەشێوەیەکی ماوەیی پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت. ئەمەش بە هاوکاریی هاوبەشە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی هاوبەشپێکردنی شارەزایی و بەرزکردنەوەی هەماهەنگیی هاوبەش ئەنجام دەدرێت.
ڕاهێنەران بە هەڵسەنگاندنی ماوەیی و بەردەوامدا تێدەپەڕن بۆ پاراستنی تواناکانیان. بە هەمان شێوە بۆ پەیڕەوکردنی بەرنامەکانی گەشەپێدانی خود بە بەشداریکردن لە خولەکان و هەروەها دەستپێشخەرییەکانی پەرەپێدانی دامەزراوەیی لە ناوەندەکە هاندەدرێن، کە تێیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ڕاهێنەران بەشداری لە چەندین خولی دەمەزەردکردنەوە و شایستەبووندا دەکەن.
یونیپاس: ئایا ئێوە لە وڵاتانی دۆستەوە ڕاهێنەر و پسپۆڕ دادەمەزرێنن؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: ناوەندەکە بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوبەشانی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی دۆست کاردەکات. لە ئێستادا ئێمە لەگەڵ کۆمپانیای IPC لە ئەمریکا، کە تایبەتمەندە لە ڕاهێنان و سیستەمی ھاوشێوەکردن و ئامانجە جوڵاوەکان، هاوبەشیمان هەیە. بە هەمان شێوە ناوەندەکە لەگەڵ کۆمپانیایەکی تری ئەمریکی کە تایبەتە بە ڕاهێنان لە پرۆسەی واژۆکردنی ڕێکەوتنی هەماهەنگیدایە. ئەم ڕێککەوتنە پسپۆڕان و ڕاهێنەرانی بیانی لەخۆدەگرێت. هەروەها ناوەندەکە بەپێی داواکاری هاوبەش، لە ڕێگەی تۆڕی پەیوەندی و هاوبەشییەوە کە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەمانە، دەتوانێت هەر پسپۆڕێکی بیانی بهێنێتە ناوەوە.

یونیپاس: KASOTC بە پێشبڕکێی ساڵانەی جەنگاوەر ناسراوە. ئەم چالاکییە چۆن پەرەی پێدەدرێت و تیمەکانی دادوەری چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: ئێمە لە ساڵی 2024ـدا میوانداریی 13هەمین گەڕی پێشبڕکێی جەنگاوەرانمان کرد. هەر گەڕێک جیاوازە و لەسەر بنەمای ئەو سیناریۆیانەی ئەرکەکانی ژیانی ڕاستەقینەی یەکە دەستەبژێرەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا ھاوشێوە دەکەن، دامەزراوە. چالاکییە کێبڕکێییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ڕاهێنان لە ئەمریکا دادەڕێژرێن. ئەوان لەسەر بنەمای داواکاریی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندەکە بۆ داخوازی دارایی لەپێناو بەڕێوەبردن و داڕشتنی ڕووداوەکانی پێشبڕکێکە داواکاری بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکە پێشکەش دەکەن. کۆمپانیای براوە بە پشتبەستن بە ئەزموونی خۆی لە بواری ڕاهێنانی یەکە دەستەبژێرکراوەکان و ڕێکخستنی پێشبڕکێ سەربازییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەک کە شەفافیەت، بێلایەنی و بێگەردی پێشبڕکێکە مسۆگەر بکات، هەڵدەبژێردرێت. ئەمانە بریتیین لە بەها سەرەکییەکانی ناوەندەکە، هەر بۆیە کۆمپانیای نێکسوسی ئەمریکی بۆ بەڕێوەبردنی گەڕی 13ـی پێشبڕکێی جەنگاوەر هەڵبژێردرا.
یونیپاس: ئایا ناوەندەکە بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دۆست چ بەرنامەیەکی نوێ پێشکەش دەکات؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: چەندین پلان و بەرنامەی نوێ بۆ ئەو دەستە ڕاهێنانانەی کە ناوەندەکە پێشکەشی دەکات زیاد دەکرێن، بەتایبەتی ئەو بەرنامانەی کە پەیوەستن بە تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ لە پرۆسەی ڕاهێناندا بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕێژەی زیانەکانی لە ناو هێزە دەستەبژێرییەکان و زیادکردنی دەرفەتی سەرکەوتنیان لە ئەنجامدانی ئەرکەکاندا. ئەمەش تەکنەلۆژیای ڕاستیی خەیاڵی و ژیریی دەستکرد دەگرێتەوە. هەموو ئەمانە لە ڕێگەی هاوکاری و هەماهەنگیی هەمیشەیی و بەردەوام لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەم بەرنامانە لەگەڵ بەردەستبووندا لە ڕێگەی ماڵپەڕی ناوەندەکەوە ڕادەگەیەنرێن.
یونیپاس: چۆن ناوەندەکە مەنهەجەکەی بۆ لەخۆگرتنی پێشهاتە نوێیەکانی جەنگی هاوچەرخ دەگونجێنێت؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: بە هۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی ئەردەن وەکو هاوبەشێکی سەرەکی، ناوەندەکە سەبارەت بە هەڕەشە و پێشهاتە سەرهەڵداوەکان لە ژینگەی ئاسایشیی ناوچەیی و جیهانیدا، و ئەو وانانەی کە لە شیکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئێستا فێربوون، ئاگادارە. ئەم پێشهاتانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و دەخرێنە ناو مەنهەجی ڕاهێنانەکانمانەوە بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی دۆخە ڕاستەقینەکانی ژیانی بێت. سەڕەڕای ئەوەش، و بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ناوەندەکە توانیویەتی بەشێوەیەکی بەردەوام بەرنامەی نوێی ڕاهێنان پەرەپێبدات و ئەوانەشی کە لە پەیڕەوکردان بە شێوەیەک نوێ بکاتەوە کە لەگەڵ ئەو ژیانە ڕاستەقینەدا بگونجێت کە ئێمە تێیدا دەژین.
یونیپاس: پێویستە ڕاهێنانەکە هەردوو ڕاهێنانی مەیدانی و تیۆری لەخۆبگرێت. ئایا ڕاهێنانی تیۆری بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لەخۆدەگرێت؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: ئەو مەنهەجە ڕاهێنانانەی کە ناوەندەکە پەسەندی کردووە، هەردوو لایەنی تیۆری و کرداری لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی لە بوارەکانی پلاندانانی تەکتیکی لەسەر ئاستی ئۆپەراسیۆنی و تەکتیکی، بە هەمان شێوەش هەنگاوەکانی پرۆسەی بڕیاردان، و چەندین شیکاری و لێکۆڵینەوە لە شێوازەکانی هەڕەشەکان و توانای گەیشتن بە گونجاوترین بڕیار. سەبارەت بە ڕاهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەمە لە ڕێگەی هاوبەشە ناوخۆیی و تایبەتمەندەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە تێگەیشتنێکی تەواویان لە ڕاهێنان لەسەر ئەم بابەتە هەیە. ناوەندەکە دڵنیایی ئەوە دەدات کە هەموو داواکارییە پێویستەکان بۆ سەرکەوتنی ئەم جۆرە ڕاهێنانە بە هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ هاوبەشی ناوخۆیی دابین دەکرێن.
یونیپاس: چۆن ڕاهێنان پێویستیی مامەڵەکردنی هێزەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا لەگەڵ لقە سەربازییەکانی تر لەخۆدەگرێت؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: تەوەرە سەرەکییەکانی ڕاهێنان لە ناوەندەکەدا هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەکەنە ئامانج، بە پلەی یەکەم بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی کە ئەم هێزانە خاوەنی هەموو ئەو لێهاتوویی و زانیارییەن کە پێویستن بۆ پێدانی توانا تا ئەرکەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن. یەکێک لە لایەنەکانی ئەمە بریتییە لە توانای ئەم هێزانە بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشدا، بەتایبەتی لەگەڵ هێزی ئاسمانی. ناوەندەکە توانای دەستگەیشتنی بە سەرچاوەی جۆراوجۆر هەیە لە هێزی ئاسمانیدا بۆ مەبەستی ڕاهێنان لەگەڵ هێزە دەستەبژێرییەکان، ئەگەر ئەمە مەرجێکی هاوبەش بێت. بەهۆی هاوبەشییەکەی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، ناوەندەکە دەتوانێت داواکارییە پێویستەکان بۆ هەر بەرنامەیەکی ڕاهێنانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە لەلایەن کڕیارێکەوە داوای دەکرێت، لەوانەش ڕاهێنەرانی لقە جیاوازەکانی هێزە چەکدارەکان، دابینبکات.
یونیپاس: سودەکانی ڕاهێنانکردن لە ژینگەیەکی فرەجۆریی زەوی وەکو خاکی ئەردەن چین؟
عەمید ڕوکن ئەلشقیرات: گومانی تێدا نییە کە ڕاهێنان لە ژینگە و زەوییە جۆراوجۆرەکانی ئەردەن کە هەموویان لە نزیک یەکترەوەن، کات، هەوڵ و تێچووی زۆر پاشەکەوت دەکات. بە هەمان شێوە دەرفەت بۆ سوپاکان دەڕەخسێنێت کە ڕاستەقینەیی ئۆپەراسیۆنەکان بە دانانی سەربازەکان لە بارودۆخێکدا کە تا دەتوانرێت نزیک بێت لە ژیانی ڕاستەقینە و ئەو ئەرکانەی کە ڕەنگە پێیان بسپێردرێت هاوشێوە بکەن، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی مەودای بەرفراوانی شانۆی ئۆپەراسیۆنەکان کە زۆرێک لە سوپاکان لە جیهاندا تێیدا کاردەکەن. بەهۆی هاوبەشییەکەی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، ناوەندەکە دەتوانێت بەرنامەکانی ڕاهێنان لە ژینگەیەکی جیاوازی وەکو بیابان، شاخ و دارستانەکان، بە هەمان شێوە ژینگەی دەریایی جێبەجێ بکات، ئەمەش لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتنی ئازادی بە هەموو گۆڕەپانەکان و ناوچەکانی ڕاهێنانی سەر بەم هێزانە.