زۆر کەس خۆیان بەدووردەگرن لەوەی کە ئایا دەبێت گرنگترین پرسیار لە مشتومڕی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران چی بێت: ئەگەر ڕژێمی ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئایا لە بەکارهێنانی یاخود ڕادەستکردنی بۆ دەستی یەکێک لە میلیشیا بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکەدا دوودڵ دەبێت؟
ئەم پرسیارە پرسیارێکی گریمانەیی نییە. گرنگە هەڵسەنگاندن بۆ سروشت و ڕەفتاری ئەم دەسەڵاتە لە ساڵی 1979ـوە ئەنجام بدەین.
ماوەی 47 ساڵە، ئێران کار بۆ هەناردەکردنی پیلانەکانی دەکات، کە لەسەر شۆڕش، توندوتیژی، مەرگ و وێرانکاری لە ڕێگەی ئاژاوەی چەکدارییەوە بنیات نراوە، وەک لەوەی هەوڵی سەقامگیری یاخود هاوبەشی ناوچەیی بدات.
تاران لە دروستکردنی تۆڕێکی سنوور بەزێنی میلیشیا بەکرێگیراوەکانی، کە مووشەک، درۆن، مەشق و پارەی بۆ دابینکردوون، سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنانی کردووە.
لە لوبنان، دەوڵەت بۆ داماڵینی چەکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە دابینکراوە، خەباتی کردووە.
لە عێراقدا، لەژێر فشاری میلیشیا چەکدارە پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە، سەروەریی دەوڵەت لاواز بووە.
لە سوریادا، کاتێک میلیشیا پاڵپشتیکراوەکان لەلایەن ئێرانەوە وڵاتەکەیان کرد بە مەیدانی جەنگێکی ناوچەیی، سەدان هەزار کەس بوونە قوربانی.
لە یەمەن، پشتیوانیی ئێران لە ڕاپەڕینی حوسییەکان بوو بە هۆی جەنگێکی درێژخایەن کە ئابوورییەکەی وێران کردووە، ملیۆنان هاوڵاتی خستووەتە ناو قەیرانی مرۆیییەوە و یەمەنی داگیرکراو لەلایەن حوسییەکانشی کردووە بە بنکەیەک بۆ بە ئامانجگرتنی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ڕێڕەوە دەریاییەکان.
ئەم تۆمارە باس لە هەڵەی سیاسی و دەستێوەردانی سنووردار ناکات. ئەوە ستراتیژێکی تەواو یەکخراوە کە لەسەر بنەمایەکی ڕوون بنیات نراوە: فراوانکردنی کاریگەریی ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکان و ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی دروستی دەکەن.
بەهۆی ڕەهەندی ئایدیۆلۆژیی ڕژێمی ئێرانەوە هەڕەشەی ئەتۆمی هێندەی تر مەترسیدار بووە.
دەقی فەرمیی وتاری ڕژێمەکە پڕە لە دروشمی مەرگ و دوژمنایەتی، وە ململانێ وەکو بەشێک لە ناسنامەی سیاسیی خۆی دەخاتە ڕوو. ناتوانرێت بە بەکارهێنانی ستانداردە نەریتییەکانی ڕێگریی ئەتۆمی کە وا گریمانە دەکەن دەوڵەتەکان هەرچەندە ناکۆکییەکانیان قووڵ بێت، لە کۆتاییدا هەوڵدەدەن خۆیان لە لەناوچوون بپارێزن، هەڵسەنگاندن بۆ ستراتیژییەکەی بکرێت.
بەڵکو ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی، سیستەمی موشەکی بالیستی، توانای درۆن و گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی، ستراتیژی خۆی لەسەر بەدەستخستنی چەکی کۆمەڵکوژ بنیات ناوە.
بە تەنیا ئەم واقیعە دوودڵییەکی ستراتیژیی مەترسیدار دروست دەکات: ئەگەر ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئایا ڕژێمەکە بەکاری دەهێنێت؟ پرسیارێکی تری گرنگی هاوشیوە بریتییە لە: ئایا دەکرێت ئەم چەکە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ، بگوازرێتەوە بۆ دەستی یەکێک لە تۆڕە چەکدارەکانی؟
مێژووی ڕژێمی ئێران هیچ هۆکارێک پێشکەش ناکات تا متمانە بەوە بکەین کە ئەم ئەگەرانە دوورن لە ڕوودان.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، تاران تەکنەلۆژیای مووشەکی، درۆن و چەکی پێشکەوتووی بۆ میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە خۆی گواستووەتەوە. لەگەڵ هەر خولێکی ململانێ لە ناوچەکەدا، ئەم توانایانە زیاتر تەشەنەیان کردووە.
با بۆ ساتێک لەژێر واقیعێکی لەم چەشنەدا بڕوانینە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بوونی ڕژێمێک کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و تۆڕێک لە میلیشیا سنووربەزێنەکان لە چەندین دەوڵەتدا بەشدارییان لە ململانێی کراوەدا کردووە.
لە سیناریۆیەکی وەهادا، چەکی ئەتۆمی وەک ڕێگرییەکی نەریتی نامێنێتەوە. بەڵکو دەکرێت ببێت بە لایەنێکی نوێ لە جەنگەکانی تاراندا، وە لە جەنگی بەکرێگیراوەکانیشیدا.
ئەمە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە.
ئەمڕۆ، جیهان نەک تەنها ڕووبەڕووی پرسێکی نەریتیی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەبێتەوە بەڵکو ئەگەری ئەوە لە ئاردایە کە ئەم چەکانە بگەن بە دەستی تۆڕە چەکدارە ناحکومییەکان.
ئەم ئەگەرە بە تەنیا، دەبێت ببێتە بنەمای ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا بکات.
نیگەرانیی سەرەکی چیتر بریتیی نابێت لە بوونی بەرنامەی ئەتۆمی، ئاستی پیتاندن یاخود ژمارەی ئامێری جیاکەرەوەی ناوەکیی ئەتۆمی. بەڵکو پرسی سەرەکی سروشتی ئەم دەسەڵاتەیە کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.
ڕژێمێک کە دەیان ساڵە کاری لەسەر دروستکردنی میلیشیای بەکرێگیراو و تێکدانی سەقامگیریی دەوڵەتان کردووە، کاتێک چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت، لەپڕێکدا ناگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێکی بەرپرسیار.
بە پێچەوانەوە، ڕەنگە خاوەندارێتیی چەکێکی لەم چەشنە هەستێکی بەرگریی زیاتری پێبدات و لە ژێر چەتری ڕێگریی ئەتۆمیدا هانی بدات چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی لە ناوچەکەدا فراوانتر بکات.
ئەگەر ئەوە ببێت بە واقیع، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاکە ناوچە نابێت کە مەترسیی لەسەربێت.
